28945847512727552_n

هەڤپەیڤینی ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ ناوەندی هەواڵی ئەنادۆڵ ؛

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، باس لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشداریكردنی بەشێك لە لایەنە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان بە لیستێكی هاوبەش پێكەوە لەو هەڵبژاردنە، هەنگاوەكان بۆ یەكخستنی دەنگی ئیسلامییەكان و پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، پڕۆسەكە بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی عێراق و رۆڵ و پێگەی عەرەبە سوننەكانی عێراق لەم هەڵبژاردنەدا، دەكات.

بزووتنەوەی ئیسلامی لەم هەڵبژاردنەدا لەنێو لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە چەند كاندیدێك بەشدارە و لە ئێستادا پێكەوە هەردوو حزب بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن بۆ سەرخستنی لیستەكەیان كە بەناوی لیستی ئیسلامخوازان و ئیسڵاحخوازان دەیناسێنن.

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەرەتا لەسەر ئەوە قسەی كرد و گوتی: “ئێمە هەوڵی زۆرماندا كە هەموو حاڵەتە ئیسلامییەكە بكەین بە یەك و بە یەك لیست دابەزین بۆ هەڵبژاردن، لەبەر ئەوەی تەوەقوعی خەڵك لە ئێمە وابوو كە چەند هێزێكی سیاسی ئیسلامین پێكەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەین، لەگەڵ برایانی یەكگرتوو هەر لە سەرەتاوە رامان وابوو كە یەك لیستی شتێكی باشە و لەگەڵ براكانی تریش هەوڵماندا، بەڵام نەهاتن. ئەوكاتەشی كە بڕیارماندا پێكەوە بەشداری بكەین لە بەغدا ناوی قەوارە سیاسییەكان كۆتایی هاتبوو نەدەكرا ناوی لیستەكە بگۆڕین و هەر بە ناوی لیستی یەكگرتوو مایەوە كە بۆ ئێمە هیچ حەساسیەتێكمان لەگەڵ ناوەكەی نییە و پێكەوە كاری بۆ دەكەین، ئەگەرنا بڕیارماندابوو ناوی لیستەكەش بكەینە ناوی لیستی ئیسلامخوازان.

پێشبینی ئێمە ئەوەیە لە ئایندەدا رێژەیەكی باشی خەڵك دێن بەدەم لیستەكەوە و لە میانی هەڵمەتی بانگەشە و گەڕانمان لە زاخۆ تا كەلار، بۆمان دەركەوتوو كە خەڵك زۆر پێشوازیمان دەكات و پێیان خۆشە كە موسڵمانان پێكەوە بن. لە هەمانكاتدا پڕوپاگەندەیەكی زۆر و چەواشەكارییەكی زۆر دەكرێت دژی ئەم لیستە بۆ ئەوەی دەنگ نەهێنێت”.

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان جەخت دەكاتەوە لەوەی بەرنامەیان هەیە بۆ پێكەوە كاركردنی هەموو لایەن و كەسایەتییە ئیسلامییەكان و بەشداریكردنیان بە یەك لیست لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، بۆ ئەو مەبەستەش لە دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئاستی لووتكەی لایەنە ئیسلامییەكان كۆدەبنەوە.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز گوتی: “هەردوولامان لە یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاری مەبدەئیمان داوە كە تا كۆتایی ئینشائەڵڵا پێكەوە دەبین مەگەر شتێكی لەناكاو رووبدات، لەگەڵ براكانی تریش جگە لە كۆمەڵی ئیسلامی كە بەردەوام لەگەڵیان خەریكین، تەیارێكی تری بەرفراوان هەیە لەوانەی لە ماڵی خۆیان دانیشتون یان رێكخراوەكان، هەروەها لەگەڵ سۆفی و سەلەفییەكان، لەگەڵ هەمووان قسەمان كردووە و پشت بەخوا لە ئایندەدا ئەو قسانە ئەنجامی دەبێت. رەنگە بۆ ئەم لیستە هەندێك تەحەفوزێكیان هەبێت، بەڵام بۆ دوای ئەم هەڵبژاردنە ناوی لیستەكە دەگۆڕین و ئەو خەڵكەش وا لێدەكەین كە حەساسیەتێكی بە ناوەكەش نەبێت”.

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوەشی گوت “ئیسلامییەكانی ھەرێمی كوردستان پێویستە لەم قۆناغەدا بەرچاو رۆشن بن هەم خۆیان و هەم مەنهەجەكەیان و هەم خەڵكیش بە گومانەوە سەیریان نەكات، ئێمە گوتومانە لەم قۆناغەدا نابینە جێگرەوەی پەیڕەو و پڕۆگرام، بەڵكو بە قیەم و ئەخلاقی خۆمان دەچینە دەسەڵات و هەر بەوەش دەبینە جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتە، بۆ ئەوەشی كە خەڵك نەترسێت و گومان نەكات لەوەی كە ئێمە كۆمەڵێك شتی جیاواز دەكەین.

ئەم حاڵەتە ئیسلامییەش وەك حزبێكی ناوچەیی نییە و لە هەموو گوند و شارەكانی هەرێمی كوردستان بوونی هەیە ، بۆیە باشترین فرسەتە بۆ ئەوەی كورد لە دەوری كۆببێتەوە تا ئەو حاڵەتە ناوچەگەرییە نەهێڵت لە دژایەتی ئەم شار بۆ ئەو شار، ئێمە هەمووانمان خۆش دەوێت و شارچێتیمان نەكردووە و لە هەموو ناوچەكان هێزی خۆمان هەیە، بۆیە دەتوانین ببینە شوێنگرەوە بەو قیەم ئەخلاقەی خۆمانەوە”.

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز جەختیكردەوە لەوەی وەك حاڵەتی ئیسلامی هەرێمی كوردستان ئەگەر لە یەك لیست و قەوارە و چوارچێوەدا كۆببنەوە، ئەوا دەتوانن ببنە شوێنگرەوەی دەسەڵات لە هەرێم.

سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەگەری گۆڕانكاری لە رێژەی دەنگ و كورسی لایەنە سیاسییە بەشدارەكان، كاریگەری دروستبوونی چەند لیست و قەوارەیەكی نوێ‌ لەسەر ژمارەی دەنگی لایەنەكانی تر، عیرفان عەلی لە وەڵامدا گوتی: “گۆڕانكاری شتێكی باشە و ئەگەر جێگۆڕكێی هێز هەبێت لە هەرێمی كوردستان ئەوا شتێكی زۆر باشە و لە بەرژەوەندی خەڵكدایە، ئەوەی ئێمە لەم ماوەیەی هەڵمەتی بانگەشە گەڕاوین و بینیومانە ئەگەر هەیە بە رێژەیەكی باش جێگۆڕكێ‌ هەبێت و هێزی تازە كە دروست بوون دەنگ بهێنن و لە نەخشەی سیاسی كوردستان خۆیان بسەلمێنن، ئێمەش وەك لیستە ئیسلامییەكە پێمان وایە بوونمان لە ئایندە باشتر دەبێت تا ئێستا”.

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە دووری دەزانێت ئەو لیست و قەوارە نوێیانەی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن كاریگەرییان لەسەر دەنگەكانی ئەوان هەبێت و دەڵێت “جەماوەری ئێمە بە پڕۆژەی ئیسلامی دەنگ دەدات بە ئێمە، ئەوان خۆیان رایانگەیاندووە كە پڕۆژەی ئیسلامی نین، لەبەر ئەوە دەنگدەری ئێمە دەنگ بە پڕۆژە دەدات”.

لە بەشێكی تری هەڤپەیڤینەكە و لە بارەی بەشداریكردنی لایەنی عەرەبی سوننەی عێراق لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سەنگ و قورساییان لە پڕۆسەكە و پڕۆسەی سیاسی عێراقدا، رابەری ئەو حزبە سیاسییە ئیسلامییە سوننیەی هەرێمی كوردستان دەڵێت “بەداخەوە عەرەبە سوننەكانی عێراق ساڵ لەدوای ساڵ دۆخیان خراپتر دەبێت بە هۆی ئەو شپرزەییەی كە هەیانە، بە هۆی ئەوەی كە دەوڵەتێكی سوننە نییە كە تەبەنییان بكات و هێزەكانیان یەكبخات، بۆیە ئەوان زۆر شپرزە بوون، بەتایبەت ئێستا حكوومەتی ناوەندی توانیویەتی كۆمەڵێك لە دەنگ و خەڵكەكانیان بكڕێت، ئەوەش ئەوەندەی تر شپرزەیی خستووەتە نێو ماڵیانەوە.

پێمان وایە ئەو هاوسەنگییەی پێشتر هەبووە لە بەغدا لە نێوان ئەو هێزە هەژموونیانەی هەبوون لە بەغدا لە دوای هەڵبژاردنیش بەهەمان شێوە دەمێنێتەوە و پێناچێت هێزێك بیەوێت هێزێكی تر دەربكات، لەبەر ئەوە عێراق هێندەی تر دەبێتە فەوزا”.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ئەوەشی گوت “لە نێوان لیست و قەوارە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق كێبڕكێیەكی زۆر هەیە بەتایبەت لە نێوان دوو بەرەدا كە دابەش بوون بەسەر بەرەی ئەمریكا و ئێراندا، ئەمەش زۆر هەوڵ دەدات كە كاریگەری خۆی لەسەر رەوتی هەڵبژاردن لە عێراقدا دروست بكات، پێدەچێت ئەمانە نەهێڵن نەخشەی سیاسی عێراق زۆر بگۆڕێت و لایەنەكان ئاگایان لە یەكە و ئەو وڵاتەش بە ئاگاییەوە مامەڵە دەكات تاوەكو فەوزایەكی گەورە دروست نەبێت”.

بڕیارە رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان كە لە پەرلەمانی كوردستان خاوەنی یەك كورسییە و لە پەرلەمانی عێراق تا ئێستا هیچ نوێنەرێكی نەبووە، لەنێو لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە چەند بەربژێرێك بەشداری كردووە و چاوی لەوەیە بتوانێت یەك لە نوێنەرەكانی بگاتە پەرلەمانی عێراق.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

PHP Warning: file_exists(): File name is longer than the maximum allowed path length on this platform (260): C:\Inetpub\vhosts\maktabirabar.com\httpdocs/wp-content/themes/new theme/single-post-%d9%87%db%95%da%a4%d9%be%db%95%db%8c%da%a4%db%8c%d9%86%db%8c-%da%95%d8%a7%d8%a8%db%95%d8%b1%db%8c-%da%af%d8%b4%d8%aa%db%8c-%d8%a8%d8%b2%d9%88%d9%88%d8%aa%d9%86%db%95%d9%88%db%95%db%8c-%d8%a6%db%8c.php in C:\Inetpub\vhosts\maktabirabar.com\httpdocs\wp-includes\template.php on line 518 PHP Warning: file_exists(): File name is longer than the maximum allowed path length on this platform (260): C:\Inetpub\vhosts\maktabirabar.com\httpdocs/wp-content/themes/new theme/single-post-%d9%87%db%95%da%a4%d9%be%db%95%db%8c%da%a4%db%8c%d9%86%db%8c-%da%95%d8%a7%d8%a8%db%95%d8%b1%db%8c-%da%af%d8%b4%d8%aa%db%8c-%d8%a8%d8%b2%d9%88%d9%88%d8%aa%d9%86%db%95%d9%88%db%95%db%8c-%d8%a6%db%8c.php in C:\Inetpub\vhosts\maktabirabar.com\httpdocs\wp-includes\template.php on line 521 PHP Warning: file_exists(): File name is longer than the maximum allowed path length on this platform (260): C:\Inetpub\vhosts\maktabirabar.com\httpdocs/wp-includes/theme-compat/single-post-%d9%87%db%95%da%a4%d9%be%db%95%db%8c%da%a4%db%8c%d9%86%db%8c-%da%95%d8%a7%d8%a8%db%95%d8%b1%db%8c-%da%af%d8%b4%d8%aa%db%8c-%d8%a8%d8%b2%d9%88%d9%88%d8%aa%d9%86%db%95%d9%88%db%95%db%8c-%d8%a6%db%8c.php in C:\Inetpub\vhosts\maktabirabar.com\httpdocs\wp-includes\template.php on line 524