ئەمڕۆ یەک شەممە ۸/۷/۲٠۱۸ جەنابی رابەری گشتی مامۆستا عیرفان علی عبدالعزیز لە شاری سلێمانی سەرپەرشتی کۆبونەوەی شورای کرد لە پاش کۆبونەوەکە بەلاغێکیان راگەیەند ئەمە دەقی بەلاغەکەیە.
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
ئەمڕۆ (٨/٧/٢٠١٨ ز) (٢٤/ شوالی /١٤٣٩ک) ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی بە سەرپەرشتی م. عیرفان علی عبدالعزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا ، لە کۆبونەوەکەدا باسی لە بارودۆزی سیاسی کوردستان وعیراق و ناوچەکە کرا، کۆبونەوەکە جەختی لەسەر ئەم خالانەی خوارەوە کردەوە:
١- شورای بزوتنەوەی ئیسلامی ستایشی پێکهێنانی هاوپەیمانی ( بەرەو ئیسلاح)ی کرد لە نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی لەپێناو چاکسازی دادپەروەری و دکۆکیکردن لە مافەکانی خەلکی کوردستان.
٢- ئەنجومەنی شورا جارێکی تر بارودۆخی ژیانی خراپی خەلکی خستەوە سەر باس وحکومەت و دەسەلات بەرپرسیار کرد لە نەبونی کارەبای پێویست لەم وەرزی گەرمایەدا و نەبونی خزمەتگوزاری سەرەتایەکان لە بوارەکانی تری ژیان.
٣- کۆبونەوەکە داوای کرد حکومەتی هەرێم پاشەکەوتی سەر مووچەی هاوڵاتیان هەڵوەشێنێتەوە ، بە تایبەتی دوای ئەوەی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا گەشتۆتە نزیک ٨٠ دۆلار و بەغداش مانگانە بڕێک پارە دەنێرێت و هیچ پاساوێک بۆ ئەو پاشەکەوتە ناماوە.
٤-کۆبونەوەکە هەژمارکردنەوەی دەستی دەنگی ناو سندوقەکانی بەباش زانی و داوای کرد دەنگی راستەقینەی خەلک لە هەلبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا ئاشکرا بکرێت.
٥-کۆبونەوەکە ئەنجامدانی هەلبژاردنێکی پاک و بێ ساختەکاری بۆ هەلبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دوپات کردەوە و داوای کرد کە ئەزمونی هەلبژاردنەکانی (١٢ی ئایار) دەبارە نەکرێتەوە.
٦- شورای بزوتنەوەی ئیسلامی داوای لە هاولاتیانی کوردستان کرد ساختەکاری و هەولەکانی بێ ئاکامکردنی هەلبژاردنەکان و دەنگی خەلک ساردیان نەکاتەوە لە بەشداری لەو پرۆسە سیاسیە و پشودرێژبن لە خەبات لە پێناوی گۆرانکاری سیاسی و چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا.